سەیدسادق؛ مێردمنداڵێک بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیرکرا
راهۆز
٣ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی لە گوندێکی سەر بە قەزای سەیدسادق دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، دوای ئەوەی هەواڵی برینداربوونی کچێک بە ناوی (ئـ. س. ع) لە گوندی تاسڵوجەی سەر بە قەزای سەیدسادق گەیشتە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە، مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد. بریندارەکە کە لەدایکبووی ساڵی 2008ـە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێکدا توانرا تۆمەتباری روداوەکە کە برای کوژراوەکەیە دەستگیر بکرێت. تۆمەتبارەکە ناوی (ئـ. س. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2013ـەیە؛ هاوکات دەستیش بەسەر ئەو چەکەدا گیراوە کە لە تاوانەکەدا بەکاریهێناوە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عیراقی و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە. دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا بەردەوامن بۆ رونکردنەوەی هۆکاری روداوەکە.



