نورەدین ئەحمەد، کاندیدی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پارێزگاری حەسەکە، بە میدیاکانی رۆژئاوای راگەیاندوە، حکومەتی کاتی سوریا رەزامەندی لەسەر کاندیدکردنی بۆ بون بە پارێزگاری حەسەکە دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ وەفدێکی سیاسی سەردانی دیمەشق بکەن.

دوای ئەوەی دوێنێ شەو میدیاکانی رۆژئاوا رایانگەیاند، هەسەدە نورەدین ئەحمەدیان بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە کاندید کردوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوبرا بە " North Press Agency "  ـی راگەیاندوە، دیمەشق رەزامەندیان دەربڕیوە بۆ بوون بە پارێزگاری حەسەکە.

نورەدین ئەحمەد ناسراو بە ئەبو عومە خانیکە، لە ساڵی 1969 لە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە ئەندازیاری میکانیک و کارەبا لە زانکۆی دیمەشق.

لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2012 وەک ئەندازیار لە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە، کاتێک رژێمی لابراو لە کارەکەی دوورخستەوەتەوە  و بەهۆی بەشداریکردنی لەو خۆپیشاندانانەی کە داوای روخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەدیان دەکرد.

دواتر ناوبراو لە چوارچێوەی ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبردنەکاندا کاری کردووە و چالاک بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و لە سەرەتای ساڵی 2014وە وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کاری کردووە و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

رۆژی 30 مانگی رابردوو، هەسەدە و دیمەشق، رێکەوتنێکی ئاگربەستیان ئەنجامدا بۆ یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەسەدە کاندیدی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی تر کە  کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون دەبێت.