مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بە بۆنەی 22 ساڵەی ساڵەی كارەساتی تەقینەوەكانی یەكی شوبات بڵاوکردەوە
٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی 22 ساڵەی كارەساتی تەقینەوەكانی یەكی شوباتدا پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە؛ لەو روداوە کارەساتبارەدا، کە ژمارەیەک سەركردە و كادر وهاووڵاتیی شەهید و بریندار بوون، تیرۆرستان سەلماندیان نەك هەر دوژمنی مرۆڤایەتی و دیموكراسی و ئازادین، بەڵكو دژی گشت بەهایەكی كۆمەڵایەتی و ئاینییشن.
دەقی پەیامەكە..
لەیادی بیست و دووەمین ساڵڕۆژی كارەساتی تەقینەوەكانی یەكی شوبات لە مەڵبەندی سێی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كە تێدا پۆلێك سەركردە و كادرو لایەنگری هەردوو حزب و ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، تیرۆریستان بەم كردەوانەیان دەریانخست ئەوان نەك هەر دوژمنی مرۆڤایەتی و دیموكراسی و ئازادین، بەڵكو دژی گشت بەهایەكی كۆمەڵایەتی و ئاینییشن، چونكە ئەو رۆژەی تیرۆرستان تاوانەكانیان تێیدا ئەنجامدا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، بەڵام لەچەند ساتێكدا گشت خۆشی و شادییەكیان خەڵتانی خوێن كرد و شاری هەولێریان تازێ بار كرد.
لەم رۆژانەدا كە ئەم یادە پڕ سوێیە دەكەینەوە جارێكی تر گەلەمان ڕووبەڕوی مەترسی تیرۆر و هەڕەشەی سڕینەوە بۆتەوە كە ڕۆژئاوای كوردستان بۆتە ناوەندی ئەم بەرەنگارییە رەوایە و گەلەكەمان لە سەرتاسەری كورستان و تاراوگە پشتیوانی خۆڕاگری رەوای براكانی دەكات و جۆرێك لەیەك ڕیزیی میللی و نیشتمانییان دروست كردووە ، واپێویست دەكات هێزە سیاسیەكانی كوردستان بەدەنگ پەرۆشی و داخوازی یەكڕیزی گەلەكەمانەوە بێن بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەكان و پتەوكردنی گیانی دەربەستی و یەكێتیی نەتەوەیی.
درود بۆ ڕۆحی شەهیدانی یەكی شوبات و گشت شەهیدانی كوردستان
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



