کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانیی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان لە ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان رادەگەیەنێت و لە پەیامێکدا دەڵێت: داواکارین لە هەموو خوێندکارانی خۆشەویست بەشدارییەکی کارا و بەگوڕ لەم هەڵمەتەدا بکەن.
 
دەقی پەیامەکەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان
 
 
کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانیی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوا لە ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان رادەگەیەنێت
 
لە کاتێکدا خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی و پاکتاوی ناسنامە بوونەتەوە، ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کورد و بەتایبەت توێژی زیندووی خوێندکارانە کە دەنگی ناڕەزایەتی و پشتیوانی خۆیان بگەیەننە جیهان. ڕۆژئاوا تەنها پارچەیەک نییە لە جەستەی نیشتمان، بەڵکو سیمبولی بەرگری و شکۆمەندیی نەتەوەییمانە.
 
ئێمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیمان، هەڵمەتێکی گەورەی کۆکردنەوەی واژۆ لە ژێر دروشمی "پشتیوانیی ڕۆژئاوا" لە تەواوی زانکۆ، پەیمانگا و ناوەندە زانستی و پەروەردەییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئۆنلاین و راستەوخۆ ڕادەگەیێنین.
 
ئامانجەکانی ئەم هەڵمەتە:
 
پەیامی یەکڕیزی: نیشاندانی هاوسۆزیی خوێندکاران و ئەکادیمیستانی باشوور بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا.
 
بانگەوازی نێودەوڵەتی: گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بڕیار بۆ پاراستنی مافە ڕەواکانی کورد.
 
فشاری مەدەنی: بەکارهێنانی کەرەستە مەدەنییەکان بۆ ڕاگرتنی هەر پیلانێک کە دژی کورد لە هەرشوێنێکی جیهان بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگێڕدرێت.
 
داواکارین لە هەموو خوێندکارانی خۆشەویست: بەشدارییەکی کارا و بەگوڕ لەم هەڵمەتەدا بکەن. واژۆکانی ئێوە بەڵێنی وەفادارییە بۆ خاک، خوێنی شەهیدان و دواڕۆژی نەتەوەکەمان.
 
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمان.