تەرمی سێ ئەندامی خێزانێك لەنێو ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی كوێستانی هەولێر دۆزرانەوە
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
تەرمی سێ ئەندامی خێزانێك لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی كوێستانی هەولێر بە كوژراوی دۆزرانەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لە گەڕەكی كوێستانی هەولێر سێ كەس كە ئەندامی یەك خیزانن و پێكدێن لە دایكێك و باوكێك و كوڕەكەیان، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە كە دەگوترێت دز بوون لە ماڵەكەی خۆیاندا كوژراون.
باسی لەوەش كرد، كەسوكاری قوربانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو سێ كەسە یەكێكیان كە كوڕەكەیە بە چەقۆ كوژراوە، دووانەكەی تریش كە دایك و باوكەكەن خنكێندراون، هەروەها كەسوكارەكەیان وتیشیان، تا ئێستاش هۆكاری كوشتنەكە دیار نییە و رەتیشی دەكەنەوە ئەو خێزانە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتیان هەبووبێت.
بەپێی زانیارییەكان، باوكەكە تەمەنی 60 ساڵ بووە و خانەنشین بووە، دایكەكەش تەمەنی 59 ساڵ بووە و مامۆستا بووە، كوڕەكەشیان تەمەنی 25 ساڵ بووە و ئەندازیار بووە.



