وتەبێژی یەکێتی لە بەغداد چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبەغداد، لەچەند کۆبوونەوەیەکی جیاوازدا، کە دانا ئەسعەد بەرپرسی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەبەغداد ئامادەیبوو. لەگەڵ نوێنەری زۆربەی کەناڵ و پێگە ئەلیکترۆنییەکانی عیراق، هەروەها ئەو کەناڵ، رۆژنامە و ئاژانسە جیهانییانەی نووسینگەیان لە عیراق هەیە، ژمارەیەک چالاکوان و نووسەر و چاودێری سیاسی و توێژەری سیاسیش ئامادەییان هەبوو. بەرچاو روونیکردن لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێم و بەغداد.
وتەبێژی یەکێتی تەئکیدی کردەوە، کە پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکان لە رێگەی دەستوورەوە بە مافی یەکێتی دەزانن، چونکە یەکێتی هێزێکی کاریگەرە لە بەغداد.
کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار و رۆڵی یەکێتی لە بەغداد، بەشێکن لە میراتی نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال، میراتێک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشبوون و چارەسەری سیاسیی دروستبوون، ئامادەیی سەرۆک بافڵیش لە بەغداد و بەردەوامیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عیراق بەهەموو پێکهاتەکانەوە، نیشانەی پابەندبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە ئەو رێبازە نیشتمانی و سیاسییەی کە سەرۆک مام جەلال دایمەزراندووە.
لەبارەی پرسی رۆژئاوای کوردستان، وتەبێژی یەکێتی جەختی لەسەر گرنگیی پێویستی پێشخستنی ئەم پرسە لەنێو راگەیاندنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، بە تایبەتی لە کەناڵە عەرەبییەکاندا، وەک پرسێکی مرۆیی پێش هەموو شتێک، بۆ ئەوەی رای گشتیی ناوچەکە و جیهان بە روونی ئاگادار بکرێن لە رەوشی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان.
هاوکات لەکۆبوونەوەیەکی تردا، لەگەڵ راگەیاندنکارانی کورد و نوێنەری کەناڵە کوردییەکان لەبەغداد، ستایشی یەکگرتووی کارکردنیان بەو رۆحیەتە نیشتمانییەی کەهەیانە کرد و داوایکرد، لەسەر ئەو نەهجە نیشتمانییە بەردەوام بن.



