وەزیری رۆشنبیری: یەک دەنگیمان لە ئاستی جیهاندا بووە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەمووان دەکات لە پای بەتەنگەوە بوونی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان و ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد.
دەقی پەیامەکە
پەیامی سوپاس و پێزانین بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و وەرزشوانانی کوردستان
بە ناوی خۆمان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانین بۆ کۆدەنگی و هەماهەنگی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن (نووسراو، بینراو، بیستراو، ئەلیکترۆنی)، نووسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، وەرزشوانان، لاوان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەبڕین لە پای بەتەنگەوە بوونی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان و ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد.
یەکدەنگی و بەتەنگەوەبوونی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستانی و وەستانیان شانبەشانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان، نیشانەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێی گیانی کوردایەتی و خەمڵینی خەباتی نەتەوایەتییە لە پێناو ڕزگاری نیشتمانیدا.
ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی و پشتیوانانی تیرۆر و ڕێگر بوو لەبەردەم ئەو ماکینانەی پڕوپاگەندە، کە دژی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییەکەی خرابوونەکار و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی زەمینەی جینۆسایدێکی دیکەیان دەدا.
وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ شەونخوونی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و هەموو ئەو چالاکانەی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووحیەتی کوردبوون و دەنگی کوردستانیانیان بە جیهان گەیاند، داواکارم لە هەموو لایەک بەو گیانە نیشتمانی و نەتەوەییە و لە چوارچێوەی پاراستنی کولتووری ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوام بن لە گەیاندنی ڕاستییەکان.
سەرکەوتن بۆ کوردانی خۆڕاگری ڕۆژئاڤا
سەرکەوتن بۆ دۆزی کورد
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
25ـی کانوونی دووەمی 2026



