بەرگریی شارستانیی سۆران: رێگاکان مەترسیدارن؛ لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە
راهۆز
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەفربارینەوە زۆربەی رێگاکانی سنوری ئیدارەی سۆران مەترسیدارن و داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
لە راگەیەندراوێکدا بەرگریی شارستانیی سۆران داوای لە شۆفێران کردووە، هاتوچۆ لە رێگاکانی سۆران بۆ قەزاکانی (مێرگەسۆر، چۆمان، خەلیفان و سیدەکان) ڕابگرن، چونکە بەپێی پێشبینییەکان ئەمشەو شەپۆلێکی بەفر و بارانی بەلێزمە روو لە ناوچەکە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەیەک شۆفێر و هاووڵاتی بەهۆی گیرخواردنیان لە بەفردا داوای بەهاناوەچوونیان کردووە، بەڵام تیمەکانیان ناتوانن لە یەک کاتدا فریای هەموو رێگاکان بکەون، بۆیە داوا دەکەن هاوکاریان بن و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان رێگاکان بەکارنەهێنن.



