حوسییەکان هێڵی بۆریی نەوتی 'رۆژهەڵات-رۆژئاوا'ی سعودییەیان کردە ئامانج
سەوسەن سەید
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
حوسییەکانی یەمەن بەشێوەیەکی راستەوخۆ هێڵی بۆریی نەوتی خاوی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"یان لە سعودییە کردە ئامانج.
وێنە مانگە دەستکردەکانی (Sentinel-3) دەریانخستووە کە دووکەڵێکی رەشی چڕ بە درێژایی نزیکەی 100کیلۆمەتر لەسەر رێڕەوی هێڵی بۆرییەکە بەرزبووەتەوە.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی دەستەی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (NASA FIRMS)، ئاگرێکی گەورە لە هەمان شوێندا بۆ ماوەی زیاتر لە 8 سەعات بەردەوامە.
هێڵی بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا" نەوتی خاوی سعودییە لە ناوچەی بەقەیقەوە بۆ بەندەری یەنبووع لەسەر دەریای سۆر دەگوازێتەوە، کە تاقە رێگەی ناردنەدەرەوەی نەوتی سعودییەیە کە بە گەروی هورمزدا تێنەپەڕێت.
ئەم هێرشەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی هێرشەکانی حوسییەکاندا دێت بۆ سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی خاکی سعودییە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا.


