بەڕێوەبەری نوێی ناحیەکانی زەلان و زەڕایەن دەستنیشانکران
سام
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی دەرچووە، گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکانی زەلان و زەڕایەن ئەنجامدرا.
بەگوێرەی نووسراوەکە کە وێنەیەکی دەست (کوردسات نیوز) کەوتووە و ئیمزای شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی لەسەرە، بریاردراوە بە گواستنەوەی راژەی (غەریب عەلی فەتحوڵڵا) لە دیوانی پارێزگاوە بۆ سەر میلاکی قائیمقامیەتی قەزای شارباژێڕ و وەک بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان دەستبەکار دەبێت.
هەروەها بڕیاردراوە بە گواستنەوەی راژەی (سەلام عومەر ئیبراهیم) بۆ سەر میلاکی قائیمقامیەتی قەزای شارەزور و وەک بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن دیاریکراوە.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، (ئاوارە حەمە شەریف) کە پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان بووە، لە پۆستەکەی بەخشراوە و گواستراوەتەوە بۆ دیوانی پارێزگا.



