کەشناسی: شەپۆلێکی بەفر و باران دەستپێدەکات و شەختە دروست دەبێت
راهۆز
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەش شەختە دروست دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاریگەریی شەپۆلەکە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، باران بە شێوەی پچڕپچڕ و لە ناوچە شاخاوییەکان و سنورییەکان بەفر دەبارێت. پلەکانی گەرما 1 بۆ 3 پلە دادەبەزن.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، کاریگەریی شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، بەتایبەت لە کاتەکانی بەرەبەیاندا.
هۆشداریش دەدات کە لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەتایبەت لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ئەگەری دروستبوونی شەختە لە کاتەکانی بەرەبەیاندا هەیە.



