بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی رێوڕەسمێکی شایستە و پڕ شکۆ بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب بەڕێوەچوو. 

لەمیانی وتەیەکیدا لەو رێورەسمەدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، لە مێژەوە بڕیارمانداوە بۆ شەهیدەکانمان نەگرین و شیوەن نەگێڕین، بەڵکوو درێژە بە رێبازە پیرۆزەکەیان بدەین چونکە شەهیدبوونی رۆڵە ئازاکانمان لە پێناو بەرگری لە نیشتمان و کەرامەت و ئازادی مرۆڤ دایە.

وتیشی، داستانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بۆ ئێمەی کورد پڕە لە ئازار بۆیە دەبێت عیبرەت وەرگرین کە تەبا بین و پشتیوانی یەکتر بین، دابەش نەبین و پشت لە یەک نەکەین. 

لەدرێژەی وتارەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سوپاسی هاودەنگی کوردی کرد لە سەرانسەری دنیا، کە لەئاست تاوان و وەحشیگەری پەلاماردەرانی سەر ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بێدەنگ نەبوون،هەروەک سوپاسی ئەو پیاوە ئایینییە منەوەر و نیشتمان پەروەرانەی کرد کە لە ریزی نەتەوەکەی خۆیان بوون و، دژی ئەو دەنگە نەشازانە وەستانەوە کە ئەیانویست بە ناوی ئایینەوە گومان بخەنە سەر رەوابوونی خۆڕاگریی شەڕڤانە قارەمانەکانمان.

لەنێو چەپڵە و هۆنراوە و گوتارە حەماسیەکان و کۆدەنگی جەماوەری ئامادەبوو و بانگەوازی یەک ڕیزی و سرودی پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی گەلەکەمان لەرۆژئاوا، رێورەسمەکە چەندین وتاری لەخۆگرت لەنێویاندا پەیامی ڤیدیۆیی ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر کە تێیدا ئاماژەی بەئیرادەی سەرکەوتن و بەرخۆدانی شەڕڤانان بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمان و برەودان بەتێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی کرد.

هەر لەڕێورەسمەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، وێنەی شەهیدان لەیلا قاسم و گەریلا ئامارا سمبولی بەرخودانی بەخشییە ماڵباتی هەردوو شەهید کە لەڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون. 

دواتر و لەبەر رۆشنایی سەدان مۆمی درەوشاوەدا بۆ یادی پیرۆزی شەهیدانی داستانەکانی نەبەردیی هەردوو گەڕەکەکەی حەلەب، ئەوە دووپاتکرایەوە کەپێویستە گەلی کورد لەبەردەم هەڕەشە و مەترسییەکاندا یەکڕیز و یەکگرتوو تەبابێت و هەڵوێستی خۆی یەک بخات.