بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عیراق راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 خرایەڕوو
محەمەد رزگار
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، لە رێورەسمێکدا لەشاری سلێمانی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 لەلایەن سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی 19، خرایەڕوو.
لە رێوڕەسمەکەدا تیشک خرایەسەر ژینگەی ئازادی رادەربڕین و رەخنەگرتن و نووسین کەبەپێی راپۆرتەکە لەبەردەم ئاڵنگاریی و پەرەسەندنێکی نیگەرانکەردا بووە، هەروەک ئاماژەکرا بەبوونی کەلێنێکی قوڵ لەنێوانی دەقە یاساییەکان و جێبەجێکردنیان و مامەڵەی دامەزراوە ئەمنیەکاندا.
ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عێراق لە رێوڕەسمی راگەیاندنی راپۆرتەکەدا، لەسۆنگەی پشتیوانییە بەردەوامەکانییەتی بۆ رۆژنامەنووسان و جەختکردنەوەی لەپێویستی پابەندبوون بە پەیماننامەی رۆژنامەنووسان و رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بوونی رووماڵی پیشەیی بەرپرسانە بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری لەکۆمەڵگەدا.
رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند باشکردنی ژینگەی ئازادی رۆژنامەگەری بەرپرسیارێتیەکی نیشتمانییە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینە هەیە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرەنتی پاراستنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی خۆبەخش و کارمەندانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەتوندوتیژی بکات.
بەپێی راپۆرتەکە لەساڵی 2025دا لەهەرێمی کوردستان، 315 پێشێلکاری بەرانبەر 252 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن ئەنجامدراوە لەحاڵەتی جیاواز.






