هەسەدە لەسەر کشانەوەیان لە دێرحافر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
بڵند
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
هەسەدە، لەسەر کشانەوەی هێزەکانی راگەیەندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە تێیدا هێزە چەکدارەکانی سەر بەسوریا تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و داواش لە وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکات، پەلەبکە لە دەستوەردان بۆ ئەوەی رێگریبکرێت لە دروستبونی گرژییەکان و پەرەسەندنیان.
هەسەدە رایگەیاندوە، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتگیری کرابوو، دەبوو هێزە چەکدارەکانی سوریا دوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانیان بچنە ناو شارۆچکەکانی دێرحافر و مەسکەنە، بەڵام دیمەشق مەرجەکانی رێککەوتنەکەی پێشێل کردوە.
ئاماژەیان بەوەکردوە، پێش کشانەوەی هێزەکانیان بە تەواوەتی، چەکدارەکانی سوریا چونەتە ناو شارۆچکەکانەوە و ئەمەش رەوشێکی زۆر مەترسیداری دروستکردوە.
هەسەدە داوا لە وڵاتە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە بەشداربوون لە رێککەوتنەکە ، پەلەبکەنە و دەسوەردان بکەن بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە وەک خۆی و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان.



