هەفتەی داهاتوو یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە
راهۆز
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆببنەوە.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەک لە وەفدی باڵای یەکێتییەوە ئاشکرای کرد، تا ئێستا رۆژی کۆبوونەوەکە بە دیاریکراوی بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکارییەکانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە و یەکێتی سورە لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی.
سەبارەت بە ئامانجی داواکارییەکانیش، ئەو ئەندامەی وەفدی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاندووە، داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی پۆست نییە، بەڵکو ئامانجیان دابینکردنی خزمەتگوزاریی زیاترە بۆ هەموو ناوچەکان بە شێوەیەکی یەکسان.



