شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە 18ی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر دادەبەزن.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت لە مەودای 18 بۆ 20ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین بە کاریگەری و بڕی جیاواز ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلەکە لە دەریای ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە و بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە، ئەگەری بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە و پێشبینیش دەکرێت لە بەشێک لە سەنتەری شار و قەزاکانی نزیک شاخەکانیش بەفر ببارێت.

سەبارەت بە پلەکانی گەرما، ئەو شارەزایە روونیکردووەتەوە کە کەشوهەوا زۆر سارد دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ خوار سفر دادەبەزێت، لە ناوچەکانی دیکەش پلەکانی گەرما لە 0 و خوار 0 نزیک دەبنەوە.

شاڵاو هیدایەت باسی لەوەشکردووە، جگە لەم شەپۆلە، لەم مانگە و مانگی داهاتووشدا شەپۆلی دیکەی سەرما و بەفر و باران روو لە ناوچەکە دەکەن.