دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی رووبەری سەوزایی لە شاری سلێمانی زیاد دەکات
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەمەبەستی زیاتر سەوزکردنی سلێمانی وەزارەتی ژینگەی عیراق لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی واژۆیان کردووە بەشێک لە ئەو دارنەمامانەیان رادەستی دامەزراوەکە کرد کە داواکرابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەباس سەیفوڵڵا کرد.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر سوپاسی وەزارەتی ژینگەی عێراقی کرد لە پای هاوکاری و بەخشینی ئەو دارنەمامانە بە پارکی شەهیدان و بەڵێنی بەردەوامی و هەوڵەکانی دامەزراوەکەی پێدان بۆ خزمەت کردنی ژینگە.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر باسی لەوەش کرد: "بەشداریی راستەقینە دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەیی و کەشوهەوا، ئەوەش پێویستی بە هەماهەنگی هاوبەش هەموو لەلایەنەکان هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی کەشوهەوا".
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کارکردنی لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کە لەپێناویدا دامەزراوە گرنگیدانی زیاتر بە ژینگە و لەئێستادا چاندنی نزیکەی 30ی هەزار دارنەمامی جیاواز و تایبەت لە پارکێکدا بەناوی پارکی شەهیدان بەشێوازێکی مۆدێرن و دروستکردنی پارکی شەهیدان دەبێتە هۆی زیادکردنی پانتایی سەوزایی لە شاری سلێمانی و سوودمەندبوونی دانیشتوانەکەی و هاوسەنگیی ژینگەیی.







