شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی ئیلهام ئەحمەد دەکات
بڵند
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەکات ، بەهۆی گیان لە دەستدانی حەوت ئەندامی بنەماڵەکەی لە کۆمەڵکوژیەکەی شێخمەقسود وئەشرەفییە
لە پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحەمەد دا هاتووە؛ بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی حەوت کەسم لە ئەندامانی ماڵباتە تێکۆشەرەکەت بیست، کە لە کۆمەڵکوژییەکەی شێخمەقسود وئەشرەفییە گیانی پاکیان بە کورد و مرۆڤایەتی بەخشی.
خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئیتر داخ لە سەر داخ و خەم لە دوای خەم و کۆست لە دوای کۆست دیاری و بەرهەمی ئەم رۆژگارە نامۆیەن کە بۆ نەتەوەکەمان بەڕێوەن.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد, خانمی یەکەمی عیراق
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی خاتوو ئیلهام ئەحمەد دەکات، ئەمە دەقەکەیەتی:
خوشکی ئازیز و تێکۆشەرم ئیلهام ئەحمەدی سەربەرز
بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی حەوت کەسم لە ئەندامانی ماڵباتە تێکۆشەرەکەت بیست، کە لە کۆمەڵکوژییەکەی شێخمەقسود وئەشرەفییە گیانی پاکیان بە کورد و مرۆڤایەتی بەخشی.
ئیتر داخ لە سەر داخ و خەم لە دوای خەم و کۆست لە دوای کۆست دیاری و بەرهەمی ئەم رۆژگارە نامۆیەن کە بۆ نەتەوەکەمان بەڕێوەن. نەتەوەیەک کە باشترین رۆڵەکانی بۆ ئازادی و بەختەوەری مرۆڤ لەم جیهانە ئەکاتە قوربانی کەچی زلهێزەکانیش چاو لەو هەموو نەهامەتی و لەو هەموو خوێنە ئەپۆشن کە بەدەستی تاریکپەرستان و دوژمنانی روناکی لە جەستەی گەلەکەمان ئەڕژێت.
شەهید بوونی حەوت ئەندامی ماڵباتەکەت تا بڵێی کۆستێکی گەورەیە، هەروەها ئازارێکیشە لە ناخ و رۆحی هەموو نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازێکدایە، بەڵام لە سایەی خۆڕاگری ئێوەو گەلە سەربەرزەکەمان، بارتەقای ئەو ئازارە، هیوا و ئومێد بە ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە، لە دڵماندا زیاتر گەشە ئەکات.
جارێکیتر هاوخەمی ئازارەکانتم و پشتیوانی
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد



