بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری پڕچەکی رەوانەی دێرحافر و مەسکانە لە لادێکانی حەلەب کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد؛ قسە دزەپێکراوەکانی ئەحمد شەڕع راگەیاندنی شەڕە دژی کورد و ئەوەشی  لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە روویدا، دەرئەنجامی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بوو.

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەوان دەزانن حکومەتی سوریا هێزێکی زۆری ناردوە بۆ دێر حافر و لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و  چەندین دەستپێشخەریان بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان کردوە و چاوەڕوانی وەڵامن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی ئەمریکا دەرگایەکی فراوانی بۆ حکومەتی کاتی سوریا کردوەتەوە و پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ئەو مەرجانە بکات بۆ هەڵگرتنی سزاکان.

ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت؛ لێدوانە دزەپێکراوەکانی ئەحمەد شەرع راگەیاندنی شەڕە دژی کوردە و ئەو بانگەشەیەی حکومەتی سوریا دەیکات بۆ ئەوەی، کە ئەوان رێککەوتنی 10ـی ئازاریان جێبەجێ نەکردووە، دورە لە راستییەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئاگاداری ئەو راستییەیە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دوپاتیکردوەتەوە، کە حکومەتی دیمەشق چەندین جار پەیوەندییەکانی پچڕاندوە، بەجۆرێک  ئەمریکا دەستوەردانی کرد بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان و پێویستە دەوڵەتە عەرەبییەکان یارمەتی سوریا بدەن بۆ ئەوەی نەخلیسکێتە شەڕی ناوخۆوە.

ئەو بەرپرسەی رۆژئاوا ئەوەشیخستوەتەڕوو، حکومەتی ئێشتا خۆی بەسەر سوریادا سەپاند و تاکلایەنە حکومەتیان پێکهێنا، تاکلایەنە دەستووریان راگەیاند و مەجلیسی گەلیشیان هەر بەتاکلایەنە پێکهێنا.

لە بارەی روداوەکانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبەوە، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند؛ ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە روویدا، دەرئەنجامی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بوو و هەولێکیش هەیە بۆ دروستکردنی دوژمنایەتی لە نێوان کورد و عەرەب و دەبێت رێگری لەو هەوڵە مەترسیدارانە بکرێت.