ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین رایگەیاندوە؛ بەمەبەستی پشتیوانیکردنی گەنجان، پاڵپشتی دارایی بۆ پرۆژەی بچوک و مامناوەند پێشکەشی گەنجان و خەڵکی ناوچەکە دەکات، ئاماژەیان بەوەشکردوە ئەو هاوکارییە داراییەی کە پێشکەش دەکرێت لێیان وەرناگیرێتەوە

ئیدارەی سەربەخۆی راپەرێن راگەیەندراویکی بڵاوکردوەتەوە و تێدا هاتووە؛ لە درێژەی کار و خزمەتە بەردەوامەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بۆ پاڵپشتیکردنی گەنجانی راپەڕین و تەواوی خەڵکی سنورەکە، لەسەر راسپاردەی هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هاوکاریی دارایی پێشکەشی پرۆژەی بچوک و مامناوەند دەکرێت.

ئاماژەیان بەوەشکردوە پرۆژەکە،  لە رێی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هاندانی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەنجان و خاوەنکارانی سنوری راپەڕین ئەنجامدەدرێت .

ئیدارەی راپەرین  داوا لە خاوەن کارەکانی سنوری راپەڕین دەکات داواکاریەکانیان پێشکەشی رێکخراوی ئای ئۆ ئێم بکەن بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری دارایی بۆ پڕۆژەکانیان بە بێ گەڕاندنەوەی هیچ بڕێک.

ئەوەشیان خستوەتەروو، بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەکان و پڕکردنەوەی فۆڕم سەردانی  بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بکەن لەناو بینای ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.