وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(8/12/2025) بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق. هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو لایەنە عیراقییەکان لە پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عیراق، بە جۆرێک کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت.
 
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، کە یەکێتی پێیوایە چارەسەری زۆربەی کێشەکانی عیراق، لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی هەموو مادەکانی دەستووردایە.
 
جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی رێککەوتنێکی تۆکمەی نێوان لایەنە عیراقییەکان، بە جۆرێک کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیدا، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە لێپرسینەوە لە حکومەتی داهاتوو بکرێت.