وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە 8ـی 12ـی 2025 بەڕێوەچوو، هەردوولا بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بە دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عیراق وەسف کرد و هیوایان خواست لایەنە عیراقییەکان بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەسەر بنەمای داواکاری هاووڵاتییان و پێویستییەکانی عیراق هەرچی زووتر بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکانی عیراق بکات.

قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد روون کردەوە و رایگەیاند، یەکێتی پێیوایە حکومەتی داهاتوو دەبێت لەلایەکەوە هەوڵی جدی بدات بۆ پاراستنی سەرەوەری و سەربەخۆیی عیراق و لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عیراق.

ئاماژەی بەوەشدا یەکێتیی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی هەرچی زووتری کێشەکانی نێوانیان بێت بەتایبەتیش کێشەی بەشە بودجەی هەرێم و رایگەیاند بودجە وەک مافێکی دەستووری هاووڵاتییانی کوردستان نابێت ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی.