رێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵی پێشو ئاشکرا کرا
راهۆز
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم ئاماری بارانبارینی ئەمساڵی بەراورد بە ساڵی رابردوو بڵاوکردەوە، ژمارەکان دەریدەخەن نەخشەی بارانبارین بەتەواوی پێچەوانە بووەتەوە؛ دهۆک لە لوتکەدایە و هەڵەبجە لە کۆتایی لیستەکەدایە.
بەپێی خشتەیەک کە بەشی پێشبینیی کەشناسی ئەمڕۆ بڵاویکردوەتەوە، جیاوازییەکی گەورە لە بڕی بارانبارین لەنێوان پارێزگاکاندا دروست بووە.
بەپێی ئامارەکە، پارێزگای دهۆک پشکی شێری بەرکەوتووە و بەراورد بە ساڵی پار، بڕی بارانبارین زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە. ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە تەنها 27.6 ملم باریبوو، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 98.8 ملم، واتە 71.2 ملم زیادی کردووە.
بە پێچەوانەی دهۆکەوە، لە پارێزگای هەڵەبجە ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە 204.8 ملم باریبوو (کە زۆرترین بڕ بوو)، بەڵام ئەمساڵ تەنها 64.9 ملم باریوە، واتە نزیکەی 140 ملم کەمیکردووە.
لە سلێمانیش بارانبارین بۆ نیوە دابەزیوە؛ پارساڵ 145.3 ملم باریبوو، ئەمساڵ بووەتە 74.6 ملم.
کەرکوکیش بێبەش نەبووە لەم کەمبارانییە و تەنها 13 ملم بارانی لێ باریوە، لەکاتێکدا پارساڵ 70.4 ملم بوو. تەنها پارێزگای هەولێر دۆخەکەی جێگیرە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بە جۆرێک تەنها 1.5 ملم زیادی کردووە و گەیشتووەتە 33.5 ملم.



