قوباد تاڵەبانی: یەکێتی پێیوایە عیراق پێویستیی بە هەنگاونانە بەرەو گەشەسەندنی ئابوری
محەمەد رزگار
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە شەوی یەکشەمە7ـی12ـی2025 لە بەغداد بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی لەگەڵ حکومەتێکی بەهێزو کارا دایە کە لە ئاست خواست و چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی عیراقدا بێت و بتوانێت خزمەتی هەموو نەتەوە و مەزهەب و پێکهاتەکانیی بکات بەبێ جیاوازی.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد رایگەیاند، دواخستنی هەرچی زیاتری چارەسەرکردنی کێشەکان بە زیانی هەموو عیراق تەواو دەبێت و پێویستە ئەولەوییەتی یەکەمی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت لەسەر بنەمای دەستور، لەسەروشیانەوە دابین کردنی بودجە و موچەی هەرێمی کوردستان کە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە، یەکێتی پێیوایە عیراق پێویستیی بە هەنگاونانە بەرەو گەشەسەندنی ئابوری و بۆ ئەمەش دەبێت حکومەتی داهاتوو بە یەکسانی سەیری هەموو ناوچەکانی عیراق بکات و زەمینە و دەرفەتی گونجاو بۆ گەشەسەندن و وەبەرهێنان بڕەخسێنێت.
هەر لە کۆبونەوەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەموو هێز و لایەنەسیاسیەکان کرد بەتایبەت پەیوەندی قوڵ و لە مێژینەی نێوان یەکێتیی و لایەنەکانی شیعە لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی هاوبەشی راستەقینە کە بتوانێت خزمەت بە هەمووان بکات و عیراقیش بەرەو سەقامگیری زیاتری سیاسی و ئابوری هەنگاو بنێت.



