قوباد تاڵەبانی: ئەرکی حکومەتی داهاتووی عیراقە بەشە بودجە و موچەی هەرێمی کوردستان دابین بکات
محەمەد رزگار
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ قەیس خەزعەلی،ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایب کۆبووەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا کە شەوی یەکشەمە7ـی12ـی2025 لە بەغداد بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لێکرد، هاوکات دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ داهاتووی عیراق و هەروەها داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد روون کردەوە و رایگەیاند، یەکێتی بەغداد بە قوڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت و پێیوایە دەبێت هەموو کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەناوخۆی عێراق و بەپێی دەستور و لەسەر بنەمای رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەموو عیراق چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراقیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، عیراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و کارا هەیە کە بتوانێت لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابوریی عێراق.
راشیگەیاند، خواست و سیاسەتی یەکێتی، عیراقێکی بەهێز و خاوەن ئابورییەکی بەهێزو سەقامگیرە کە تیایدا کێشەکانی نێوان نێوان هەرێم و بەغداد بە بنەڕەتی چارەسەرکرابێت بەتایبەت بودجە و موچە کە مافێکی دەستوری هاووڵاتییانی کوردستانە و ئەرکی حکومەتی داهاتووی عیراقە بە دوور لە ناکۆکییە سیاسییەکان بەشە بودجە و موچەی هەرێمی کوردستان دابین بکات.



