دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ بارزگانی مادەی هۆشبەری لە شاری کەلار راگەیاند
محەمەد رزگار
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر لە شاری کەلار دەستگیرکران، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت: دەست بەسەر چوار کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری تلیاك و بڕی یەک کیلۆ و 300 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و سێ هەزار دەنک حەبی هۆشبەر گیراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەهەماهەنگی لەگەڵ نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی خورماتوو، ( سێ )بازرگانی مادەی هۆشبەریان لەشاری کەلار دەستگیرکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەرۆژی 1ـی12ـی2025 لەشاری کەلار، لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەخت و چاودێری ورد و بەدواداچوون، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گەرمیان، توانرا ئەو بازرگانانە دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی چوار کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری تلیاك و بڕی یەک کیلۆ و 300 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و سێ هەزار دەنک حەبی هۆشبەر.
دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەمادەی 26 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.



