لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 26 هەزار هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی کردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری مانگی رابردووی نەخۆشخانەی شاری بڵاوکردەوە و رایەگەیاندووە، لە رۆژی 1 بۆ 30ـی ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی شار 26 هەزار 502 نەخۆش سەردانیان كردووە، لەو ژمارەیەش 19 هەزار,727 نەخۆش سەردانی بەشی فریاكەوتن، پێنج هەزار و 843 نەخۆش سەردانی بەشی ئۆپی دی، 880 نەخۆش سەردانی بەشی گورچیلەی دەستكردی نەخۆشخانەكەیان كردوە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی رابردوو پێنج هەزار و 314 نەخۆش داخڵ كراون لە نەخۆشخانەی شار، لەو ژمارەیە هەزار و 552 نەخۆش لە بەشی فریاكەوتن، 855 نەخۆش لە بەشی گورچیلەی دەستكرد، 558 نەخۆش لە بەشی نەشتەرگەری ، 595 نەخۆش لە بەشی هەناوی، 510 نەخۆش لە بەشی شكاوی، 339 نەخۆش لە بەشی هەناوی مێشك و دەمار داخڵ بوون.

تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی شار هەزار و 261 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجام دراوە كە 159 نەشتەرگەری قەستەرە و 106 نەشتەرگەری شەبەكە و باڵۆن و 65 نەشتەگەری بۆ منداڵان بووە.

هەر بەپێی ئامارەکەی تەندروستی سلێمانی، مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی شار 70 هەزار و 979 شیكاری تاقیگەیی و هەزار و 768 هێڵكاری دڵ كراوە، هەروەها شەش هەزار 593 تیشك و 288 ئیكۆ و دوو هەزار و 715 سۆنەر و 660 چارەسەری سروشتی كراوە.