قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی بەغدادی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆبەڕێوەچوو، باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردن دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عیراق و هیوایان خواست بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی و رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە بەشێکی گەورەی کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە گەڕانەوە بۆ دەستور چارەسەر دەکرێن، هەربۆیە یەکێتی، پابەندبوون بە دەستور و جێبەجێکردنی هەموو مادەکانی دەستور بە تەنها رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو عیراقێکی سەقامگیرتر و گەشەسەندوو دەزانێت.

سەرۆکی وەفدی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە، یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەولەوییەتی یەکەمی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و بەغداد دەبێت چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و نابێت بە هیچ شێوەیەک چیتر بودجە وەک مافێکی دەستوری خەڵکی کوردستان بخرێتە چوارچێوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانەوە.