زیاتر لە نیو ملیۆن خێزان نەوتیان وەرگرتووە؛ سلێمانی لە پێشەوەیە
راهۆز
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوایین ئاماری دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ زستانی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و دەردەکەوێت جیاوازییەکی زۆر لە رێژەی دابەشکردن لەنێوان پارێزگاکاندا هەیە.
بەپێی ئامارەکە کە ئیمزای فەلاح مەولود ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە و تایبەتە بە دابەشکردنی نەوت تاوەکو ئەمڕۆ 7-12-2025، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بڕی 107 ملیۆن و 383 هەزار و 800 لیتر نەوت دابەشکراوە.
بەپێی ئامارەکە، تاوەکو ئێستا 536 هەزار و 919 خێزان لە هەرێمی کوردستان بەرمیلێک نەوتیان وەرگرتووە، لە بەرامبەردا هێشتا 552 هەزار و 804 خێزان لە نۆرەدان و نەوتیان وەرنەگرتووە. واتە هێشتا ژمارەی ئەوانەی نەوتیان وەرنەگرتووە زیاترە لەوانەی وەریانگرتووە.
لە ریزبەندی دابەشکردندا، پارێزگای سلێمانی بە ڕێژەی 87% لە پلەی یەکەم دێت و زۆربەی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە، دوای ئەو هەڵەبجە دێت بە رێژەی 85.5% و ئیدارەی سۆران بە 76%.
بەڵام لە ناوچەکانی دیکە دۆخەکە جیاوازە؛ لە پارێزگای دهۆک تەنها 27%ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە و لە ئیدارەی زاخۆش کەمترین رێژە تۆمار کراوە کە تەنها 16%ـە. پارێزگای هەولێریش بە ڕێژەی 34% لە ناوەڕاستی لیستەکەدایە.



