مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی خورماڵ دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە هەستاون بە دزینی سێ ماتۆڕسکیل لەناو قەزاکەدا، لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا دەرکەوتووە ئەو دوو کەسە پێشینەی تاوانیان هەیە و لە شوێنی دیکەش داواکراون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی سکاڵایان تۆمارکرد کە ماتۆڕسکیلەکانیان لێ دزراوە، دەستبەجێ هێزەکانیان دەستیان بە بەدواداچوون کردووە و توانیویانە دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن.

تۆمەتبارەکان ناویان (م. ع. ا) تەمەن 25 ساڵ و (پ. د. م) تەمەن 27 ساڵە. پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی مادەی 446ی یاسای سزادانی عیراقی راگیراون.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم دوو تۆمەتبارە تەنها لە خورماڵ تاوانیان نەکردووە، بەڵکو خاوەنی چەندین پێشینەی تاوانن و بەپێی مادەکانی (453، 456، 446 و 15ی چەک) لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و داواکراو بوون.