وەزارەتی دارایی بڕیاریدا بە راگرتنی خەرجییەکان لە دامودەزگاکانی حکومەت
راهۆز
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە مامەڵە داراییەکان هێنا و بڕیاریدا بە راگرتنی زۆربەی خەرجییەکان لە دامودەزگاکانی حکومەت، جگە لە موچە و چەند خەرجییەکی پێویست.
بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە 18ی ساڵی 2025 کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە و ئیمزای وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیاردراوە لە رۆژی 7-12-2025ـەوە سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) رابگیرێت و چیتر داواکاری خەرجی لە وەزارەتەکانەوە وەرناگیرێت تاوەکو ساڵی نوێی 2026.
وەزارەتی دارایی لە بڕیارەکەیدا تەنها چەند دەرگایەکی بە کراوەیی هێشتۆتەوە و راگرتنی خەرجییەکان ئەمانە ناگرێتەوە:
-
موچە.
-
پێشینەی خەرجکراوی مانگانە.
-
کرێی مانگانەی پاککردنەوە و خواردن.
بەپێی رێنماییەکە، خەرجیی تەمویلکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان راگیراوە. هەروەها ئەو خەرجییانەی کە لەسەر رێژەی گەڕاوەی بەشە داهاتی وەزارەتەکان خەرج دەکران (جگە لە موچە و هاندان)، ئەوانیش رادەگیرێن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو نووسراوانەی رەزامەندی خەرجییان هەیە و بە هەر هۆکارێک خەرج نەکراون، دەچنە سەر بودجەی ساڵی 2026. ئامانجی ئەم بڕیارەش پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان و داخستنی هەژماری کۆتایی ساڵی 2025ـە، کە دەبێت تاوەکو 31-12-2025 سەرجەم ژمێرەی بانکەکان دابخرێن و پاکتاو بکرێن.



