کۆماندۆی کوردستان ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنوری رۆژئاوای کەرکوک ئەنجامدا
محەمەد رزگار
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
كۆماندۆی كوردستان ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی لە سنوری رۆژئاوای كەركوك ئەنجامدا و ژمارەیەك حەشارگە و ئاسەواری تیرۆرستان دۆزرانەوە و چەند كیلۆمەترێكی سنورەكەش بەتەواوی كێوماڵكرا.
فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە سەعات 04:00 بەرەبەیانی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاری و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش و فەوجی كەركوكی دژەتیرۆری عیراق و بەهەماهەنگی فڕۆكە و هێزی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی بۆ سنورەكانی گوندی (تویلعە)ی سەربە قەزای دوبز لە سنوری رۆژئاوای كەركوك ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی رابردوودا لە سنورەكانی دەرەوەی گوندی (تویلعە) جموجوڵی تیرۆرستان، دەستنیشانكراوە و شوێن پێیان هەڵگیراوەتەوە، هەروەها چەند شوێنێكیان لەو سنورە وەك مۆڵگە و حەشارگە بەكارهێناوە، بۆیە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا سەرجەم ئەو شوێنانە لەناوبران، ژمارەیەك بۆمبیش پوچەڵكرانەوە.
هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو، كۆماندۆی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەڕاسیۆنەكانی ئاسایش و فەوجی كەركوكی دژەتیرۆری عیراق لە چەند قۆڵێكەوە بەفراوانی (8) كیلۆمەتری سنورەكەیان كێوماڵ كرد و ناوچەكە لە ئاسەواری تیرۆرستان پاككرایەوە.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان داوای لە "كوڕانی كۆماندۆ" کرد بەردەوام بن، لەسەر ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بۆ كۆتاییهێنان بە مۆڵگە و حەشارگەکانی تیرۆرستانی داعش و هاوشێوەكانیان لە ناوچەكە.



