وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بۆ حەجی 2026 وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن لە حەرەمی شاری مەککە قەدەغە دەکات.

کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بە پێی بریارێکی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە وەرزی حەجی 2026 بە هەموو شێوەیەک وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن لە هەردوو مزگەوتی محمد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە مەدینە و حەرەمی لە شاری مەککەی پیرۆز قەدەغە دەکرێت.

وتیشی، ئەو هەنگاوەی سعودیە لە پيناو خزمەتکردنی حاجیان و هەبوونی کەشێکی ئیمانی و دوورکەوتنەوەی حاجیانە لە وێنەگرتن و سەرقاڵبوون بە مۆبایل و شتی دیکەوە.

کاروان ستونی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانیش هەموو حاجیان لەو هەنگاوە ئاگادار دەکەنەوە لەکاتی چوونیان بۆ پروسەی حەج و پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن و هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ ئەوەی حاجیان دووچاری هیچ کێشە و گرفتێک نەبنەوە.