شارەزایەکی کەشوهەوا رایگەیاند، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین، کە هەورەبروسکە و تەرزەشی لەگەڵدایە هەرێم دەگرێتەوە، داواش دەکات لە رۆژانی دوو شەممە و سێشەممە بکرێتە پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن.

ئەمڕۆ شەممە، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی چری باران بارین لەم هەفتەیەدا، هەوری سۆپەر سێڵ لە ئاسمان دەبینرێت و ئەو شەپۆلی بارانبارینە هەورەبروسکە و تەرزەشی لەگەڵدایە.

ئەو شارەزای کەشناسییە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات، رۆژانی دوو شەممە و سێشەممە، کە بەگوێرەی پێشبینییەکان چەقی شەپۆلەکەیە لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو بۆ ئەوەی هەمووان سەلامەت بن .

داواش لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت،  لەو دوو رۆژەدا نەچنە شوێنە بەرزەکان بەهۆی بونی هەورەبروسکەی زۆر ، تاوەکو حاڵەتی نەخوازراو رونەدات، دەشڵێت؛ بۆ ئەوەی زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانیشیان نەکەوێت پێویستە ئۆتۆمبێلەکانیان داپۆشن.