پۆلیسی سلێمانی: لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل دوو تۆمەتبار دەستگیركران
سام
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە لەدایکبووی ساڵی 2003 و 2004ـن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: لەسەر سكاڵای دوو هاووڵاتی و لە لایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلی سەربە بەشی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان، دوو تۆمەتبار دەستگیركران.
ئاماژەی بەوەشداوە: دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی سكاڵایان تۆماركرد كەدوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان لێدزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەكە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلەوە دوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەكاندا.
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: لە ئێستادا تۆمەتباران (ا، ح، ح لەدایكبووی 2003/ ز، ع، ص لەدایكبووی 2004 ) بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان، ئۆتۆمبێلەكان رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێنەوە.



