نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی مۆرسیا ئیمزا کرد، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و رەخساندنی دەرفەتی خوێندنە بۆ خوێندکارانی کورد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە پاڵپشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی مۆرسیا ئیمزا کرد.

دارەوان حاجی حامید رایگەیاند، زانکۆی مۆرسیا یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگ و کاریگەرەکانی ئیسپانیا و ئەوروپا، ئیمزاکردنی ئەم یاداشتەش بەشێکە لە دیپلۆماسیی کاریگەر کە پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا دەباتە قۆناغێکی نوێوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسپانیا یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری توێژینەوەی زانستی و ساڵانە لە رێگەی زانکۆکانەوە داهێنانەکان تێکەڵ بە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەکەن، بۆیە ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی گرنگ بۆ خوێندکارانی کورد دەڕەخسێنێت.

بەپێی یاداشتەکە، زەمینەسازی دەکرێت بۆ دابینکردنی کورسیی خوێندنی باڵا بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆی مۆرسیا و دروستکردنی هەماهەنگیی راستەوخۆ لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵای ئیسپانیا.