بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە سنوری شارباژێڕ، چەمچەماڵ و پێنجوێن، سێ کەس بە تۆمەتی بڕینەوەی داری دارستانە سروشتییەکان دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانیان لە سنوری بنکەکانی (تەکیە، ناڵپارێز، سیتەک و گاپیڵۆن) توانیویانە سێ سەرپێچیکار دەستگیر بکەن، کە هەستاون بە شێواندنی سروشت و بڕینەوەی دارەکان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک داری بڕدراوی تەمەن جیاوازدا و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکان کراوەتەوە و رەوانەی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.

پۆلیسی دارستان جەختیکردۆتەوە، پاراستنی دارستانەکان ئەرکی هەمووانە و بڕینەوەیان بە هەر پاساوێک بێت زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت کە قەرەبوکردنەوەی ئاسان نییە.