ئەو پێشمەرگەیەی لە گرژییەکانی گوندی لاجان بریندار بوو، گیانی لەدەستدا
راهۆز
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەو پێشمەرگە گەنجەی لە گرژییەکانی گوندی لاجانی سنوری قەزای خەبات بریندار بوو، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، کە بەپێی زانیارییەکان؛ فیشەکەکە گورچیلەی گرتبوو، گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئارمان سەنار دری، ناسراو بە (ئارمان هەرکی)، کە پێشمەرگەیەکی گەنج بوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر دڵی لەلێدان کەوت.
گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا، گرژی و ئاڵۆزی لە گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر دروستبوو، لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانەشدا ژمارەیەک کەس بریندار بوون، کە ئارمان سەنار یەکێک بوو لەوان و برینەکەی سەخت بوو.
دوای روداوەکە، ناوبراو دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی، دوای چەند رۆژێک مانەوە لەژێر چاودێریدا، دواجار گیانی لەدەستدا.



