بەتۆمەتی دزیکردن سێ تۆمەتبار دەستگیرکران
سام
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، سێ تۆمەتبارمان دەستگیرکردووە و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە: لە دوو چالاکی جیاداو بەتۆمەتی دزی کردن، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵی سەر بەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەک لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ سکاڵایان تۆمار کرد کە ژمارەیەک سەر ئاژەڵیان لێ دزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەکە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد، سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت: لەچالاکییەکی دیکەداو پاش تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتییەک کەبڕی 14 هەزار دۆلاری لێ دزرابوو، بەبڕیاری دادوەر هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد، هەروەها پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە تۆمەتبار دەستگیربکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتباران (م، ج، ا لەدایکبووی 2000 / م، ع، ع لەدایکبووی 2000/ ه، ب، ح لەدایکبووی 2004) دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە هەردوو دۆسییەکە بەردەوامە.



