وەزیری رۆشنبیری هەرێم رایگەیاند،  وەزارەت چاوەڕوانی کارابوونی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی پەرلەمان پڕۆژەیاسای سیاسەتی کولتووری لە هەرێمی کوردستان بخاتە کارنامەی کارییەوە و وەک یاسا پەسندی بکات، ئاماژەی بەوەشکرد پرۆژەکە پێویستیی بە بۆچونی شارەزایان، ئەزموون و پێشنیازی دڵسۆزان و  خەمخۆرانی سیاسەتی کولتوورییە  بۆ ئەوەی پرۆژەکە کامڵ بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە چوارچێوەی کارەکانی دووەم رۆژی یەکەم دیداری زانستیی "سیاسەتی کولتووری"، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەیاسای سیاسەتی کولتووری دەخەنە کارنامەی کاریانەوە.

پەیامێکیشی بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە ئاراستەی رۆشنبیران و ناوەندە کلتووریەکان کرد بەوەی هەر کەس و ناوەندێکی کولتووری و زانستیی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، پێشنیاز و بۆچوونێکی هەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە، ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی بکات، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.

وەزیری رۆشنبیری جەختیشیکردوەتەوە لەوەی  لە وەزارەتدا لیژنەیەکی تایبەتمەند بە داڕشتنی پڕۆژەی سیاسەتی کولتووری لە ئەرکدایە و هەر پێشنیاز و راسپاردە و بۆچوونێک ئاراستەی وەزارەت بکرێت، دەخرێتە بەردەست ئەو لیژنەیە بۆ لەبەرچاوگرتن و جێکردنەوەی لە پڕۆژەکەدا.

پڕۆژەکە لە کۆتایی کابینەی هەشتەمدا کاری سەرەتایی لە بارەوە کراوە و لە کابینەی نۆیەمدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان لیژنەیەکی تایبەتمەندی راسپاردوە بۆ تەواوکردنی کارەکانی، بەڵام بە هۆی کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستانەوە، تا ئێستا نەتوانراوە لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.