بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول دەکرێت و لە ماوەی سێ رۆژدا سەرجەم وەزارەت و دەستەکان موچەکانیان وەردەگرن.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 9ـی موچەخۆران دەکرێت و لە دوای سەعات یەکی دوانیوەڕۆوە موچەخۆران دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن و موچەکانیان وەربگرن.

هەر بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە، زیندانییە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی کیمیاباران، کەس وکاری شەهیدان وئەنفالکاراوان، وەزارەتەکانی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان،پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی موچەکانیان وەردەگرن.

هاوکات دابەشکردنی موچەی مانگی 9 لە رۆژی 2ـی12ـی2025 کۆتایی پێدێت و سەرجەم موچەخۆران موچەکانیان وەردەگرن.

جێگەی ئاماژەیە دوێنێ، بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.