دوای کوژرانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکە، گەمارۆدانی گوندەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە؛ کۆبونەوەی نوێنەری گوندی لاجا نو  لیژنەی ئەمنی کۆتایی هات و نەگەشتنە رێککەوتن.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی کۆبونەوەی نوێنەری گوندی لاجان و لیژنەی ئەمنی، نەگەشتنە رێککەوتن و  تا ئێستا رێگەی هەولێر بۆ گوێر داخراوی ماوەتەوە.

راشیگەیاند؛ جگە لە نەبونی کارەبا لە گوندی لاجان تۆڕی پەیوەندی و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پچڕاوە و لە ناو گوندەکەش هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوە.

 پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا شەڕ وەستاوە و هێزێکی زۆری ئەمنی لەناو گوندەکە بڵاوەیان پێکراوە و رێگە بە رۆژنامەنوسان نادەن بچنە ناو گوندەکەوە.

ئاماژەبەوەشکرد، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، نوێنەرانی گوندی لاجان و وەزیری ناوخۆ، لە وەزارەتی ناوخۆ کۆبونەتەوە، بەڵام نەگەشتونەتە رێککەوتن.

بە گوێرەی نوێترین ئاماریش، لە شەڕەکەدا دوو هاووڵاتی کوژراون و 12 کەسی دیکەش بریندارن، بریندارەکان منداڵیشیان تێدایە  و رەوشی یەکێکیان سەختە و لە ژێر چاودێری چڕدایە.

پەیامنێری کوردستان نیوز راشیگەیاند، پشتێنەیەکی ئەمنی لە سنوری گوندەکە دروستکراوە و هێزێکی زۆریش لەناو گوندەکە بڵاوەیان پێکراوە.

روداوەکە چۆن رویدا؛

دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی لاجان لە سنووری هەولێر بۆ داواكردنی هەلی كار و دامەزراندن لەبەردەم پاڵاوگەی لاناز گردبوونەوە، دواتر شەڕ و پێكدادانی چەكداری لەنێوان خۆپیشاندەران،هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و پاسەوانەكانی پاڵاوگەی لاناز دروستبوو، بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژرا و برینداری لێکەوتەوە و تا ئێستاش کێشەکە چارەسەر نەکراوە، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی حکومەتیس هێج لێدوانێکیان لەسەر روداوەکە نەداوە.