وەزارەتی دارایی و ئابووریی خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پرۆسەکە لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی دێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سبەی یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول دەکرێت و رۆژی سێشەممە 2ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت.

وەزارەتی دارایی تێبینییەکی گرنگی بۆ موچەخۆران خستۆتەڕوو و داوایان لێ دەکات سبەی لە دوای سەعات 1:00ی پاشنیوەڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن.

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنەکە بۆ دوای نیوەڕۆ، وەزارەتەکە روونیکردۆتەوە کە وەرگرتنی پارەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی رەسمیدا، هەروەها گواستنەوەی پارەکە بۆ بانکەکانی دیکە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاتی پێویستە.