وەزارەتی کارەبا: سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێم دەکەین لەبەرانبەر ئارامی و خۆڕاگرییان
محەمەد رزگار
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی کارەبا لەبارەی کەمبوونەوەی پێدانی سەعاتەکانی کارەبا سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێم دەکات و رایدەگەیەنێت، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەبا ئاسایی بکرێتەوە.
لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، سوپاسی یەکە بە یەکەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بەرانبەر ئارامی و خۆڕاگرییان لەم کاتە سەختەدا، ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بوو دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، شانبەشانی هەریەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هێزە ئەمنییەکان و دانە غاز هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی ببێتەوە و بەزووترین کاتیش کارەبا بگەڕێتەوە نێو سەرجەم ماڵ، و فرۆشتگا و کارگەکان، چونکە گەورەترین ئامانجمان سەلامەتی و ئاسوودەیی هاووڵاتیانە.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، لە حاڵەتی هەبوونی هەر پێشهاتێکی نوێش، بەزووترین کات ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەنەوە.



