حەج و عومرەی کوردستان: تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس مامەڵەی حەجیان ئەنجام نەداوە
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەسمامەڵەی حەجیان نەکردووە، حەج و عومرەی کوردستانیش داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە ناویان دەرچووە بۆ فەریزەی حەج بە زووترین کات مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.
کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکەن کە ناویان دەرچووە بۆ فەریزەی حەج سود لەو کاتە وەربگرن کە بانکەکان هێشتا دەستیان بە دابەشکردنی موچە نەکردووە، چونکە لە ئەگەری دابەشکردنی موچە لە سەرەتای هەفتەیەی داهاتووەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لە بانکەکان دروست دەبێت.
وتیشی، تا ئێستا سێ هەزار 625 کەس پارەی پێویستیان وەک ئەنجامدانی حەج پارەیان داوە و مامەڵەکانیان کردووە، نزیکەی هەزار و 265 کەسیش ماون تا ئێستا مامەڵەکانیان نەکردووە.
وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکات کە مامەڵەیان نەکردووە لە سبەی رۆژی شەممەوە سەردانی نوسینگەکانی حەج و عومرە و بانکەکان بکەن تا تووشی قەرەباڵغی نەبن و مامەڵەکانیان دوا نەکەوێت.



