نیویۆرک تایمز: گروپەچەکدارەکانی ناو عیراق کە پەیوەستن بە وڵاتێکی دراوسێوە هێرشەکەی سەر کۆرمۆریان ئەنجامداوە
بڵند
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاندوە؛ گروپە چەکدارەکانی ناوخۆی عیراق کە لە رووی سیاسییەوە پەیوەندییان بە وڵاتێکی دراوسێیەوە هەیە، بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئاماژەی بەوەشکردوە هێرشەکە تەنها چەند رۆژێک پێش کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.
رۆژنامە ئەمریکییەکە لە راپۆرتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە ئاماژی بەوەکردوە، بەرپرسانی عیراقی و کورد بە شێوەیەکی تایبەت بۆیان پشتڕاستکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان ئەنجامدراوە، کە پەیوەندی سیاسییان لەگەڵ وڵاتێکی تر هەیە.
بە گوێرەی رۆژنامەکە بەرپرسان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم گرووپانە پەیوەندییە ئابوورییە نزیکەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر وەک "خاڵێکی لاواز" سەیر دەکەن.
رۆژنامەکە لە زاری رەمزی موریدینی، دامەزرێنەری سەنتەری جیۆپۆل بۆ لێکۆڵینەوەی مەترسی جیۆپۆلەتیک بڵاویکردووەتەوە، کە هێرشەکە تەنها چەند رۆژێک پێش کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ رونە کە ئێرانییەکان چاودێری ئەم پێشهاتەیان دەکرد و هەوڵیان دەدا پەیامێک بۆ واشنتۆن بنێرن، کە هەژمونیان لە چوارچێوەی عیراق رێگەیان پێدەدات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکەنە ئامانج لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی راستەوخۆدا.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەروو؛ گرژییە سیاسییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر بەتایبەتی ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکان و داهاتی نەوت و گاز، رەنگە هۆکارێکی پاڵنەری زیادە بن لە پشت ئەم جۆرە هێرشەوە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای سیستەمی بەرگری ئاسمانییان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردبوو بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری، بەڵام بەهۆی نەبوونی رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، کە دەسەڵاتی کۆتایی بەسەر هەر کڕینێکی چەکدا هەیە، داواکارییەکە رەتکرایەوە، ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمریکییەکە.
درەنگانێکی شەوی چوارشەممە، کێڵگەی کۆرمۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج و بەهۆیەوە لە ٪80ـی هەرێمی کوردستان بێکارەبا بوون، دوابەدوای ئەم هێرشە شەپۆلێکی نارەزایەتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوادا هاتوو و هەموان بەتایبەت ئەمریکا داوای لێکۆلینەوەیەکی خێرای کرد لە روداوەکە و داواشی کرد تاوانباران بدرێنە دادگا.



