وەزارەتی دەرەوەی تورکیا  لە رێگەی ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتەکەوە رایگەیاندوە؛ هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی   لە رووی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی خەڵکەوە جێی نیگەرانییە، ئاماژەی بەوەشکردوە هەرچەشنە هێرشێک کە ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتە بە ئامانج بگرێت ئیدانە دەکەن.

وتەبێژەکەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە  نوسیویەتی؛ نیگەرانن لە  هێرشی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی غازی سروشتی کۆرمۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە عیراق.

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئیدانەی هەر هەوڵێکی تێکدانین، کە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئەو وڵاتە تێکبدات و هەرچەشنە هێرشێک کە ژێرخانی مەدەنی ئەو وڵاتە بە ئامانج بگرێت، ئیدانە دەکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئۆنجو کەچەلی راشیگەیاندووە، کە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییە تورکانە گرتووەتە بەر کە لە کێڵگەکەدا کار دەکەن.