لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر رایگەیاند، ھەندێک میدیاو میدیانۆچکەی نابەرپرس رۆڵی خۆیان گۆڕی لە گەیاندنی راستیەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تۆمەت بەخشینەوە.

کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند، ھاوکات لەگەڵ بۆردومانکردنی کێڵگەکانی کۆرمۆر و ئەو زەرەرو زیانە زۆرەی بەر یەکەکانی بەرھەمھێنان کەوتن، ھەندێک میدیاو میدیانۆچکەی نابەرپرس رۆڵی خۆیان گۆڕی لە گەیاندنی راستیەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تۆمەت بەخشینەوەو پێشێلکردنی کاری میدیا و بینینی رۆڵی لایەنی یاساو دادگاو لێکۆڵەر.

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، داواکارە وەرگری کورد و تاکی نیشتمان پەروەری ئەم ھەرێمە نەکەونە ژێر کاریگەریی ھەندێک میدیای مەبەستدارو سۆشیاڵ میدیاو قەڵەمچیەکانی.

کاروان ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد، با لۆژیک و ژیریی و مرۆڤدۆستی پێوەربن بۆ راستیی روداوەکان نەوەک ھەندێک میدیای ژەھرپرژێن.