بافڵ تاڵەبانی: چەک تەنها دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت
محەمەد رزگار
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئیدانی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت: وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر جێگای قبوڵ نییە و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین، ئامانجی هێرشەکە زیانگەیاندنە بە گوزەرانی هاونیشتمانیانمان لە هەرێمی کوردستان و عیراق و تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند دەبێت و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانمان دەگرینەبەر.
سەرۆکی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، چەک تەنها دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت. ئەو میلیشیایانە کە لە دەرەوەی سەروەری یاسا کاردەکەن یان دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە یان لەناوببرێن.



