جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: داواکارم لە هێزەکانی هاوپەیمانان کەوا سیستمی بەرگری بۆ ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستیانە دابین بکەن.

جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەوپەڕی نیگەرانییەوە و بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە لەرزۆک و تیرۆریستییەی سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر دەکات، بۆ هەموو لایەک روونە کە ئامانج لەم کردەوانەدا تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی و لاوازکردنی ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان بەتایبەت و عیراق بە گشتیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێرەدا بە ئەرکی سەرشانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتیی عیراقی فیدراڵ و هەرێمی دەزانێت، کەوا شکۆ و سەروەری خاک و نیشتیمان بۆ هەموو لایەک بپارێزن و رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرش و کردەوە تیکدەرانەدا.

جەعفەر شێخ مستەفا راشیگەیاند، داواکارە لە هێزەکانی هاوپەیمانان کەوا سیستمی بەرگری بۆ ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستیانە دابین بکەن و بەزووترین کاتیش لایەنە ئەمنییەکانی تایبەت بەم پرسە تاوانباران دەستگیر بکەن و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە.